هونەرمەندی مەقام و ئەلڵاوەیسی و دەنگخۆشی ناسراوی کەناری ڕووباری (ئەڵوەن)، خوداداد عەلی، ساڵی ١٩١٢ز، لە گەڕەکی ئاغا و خەلیفەی شاری خانەقین، لە خێزانێکی هەژار لەدایک بووە. باوکی خوداداد هۆرەچڕ بووەو مەقامەکانی ئای ئای و قەتار و ئەڵڵاوەیسی وتووە، بەڵام هەژار و دەستکورت بووە، حەزیکردووە کوڕەکەی خوێندنی قورئان تەواو بکات و ببێتە مەلا، تا بتوانێت بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکات. لەسەر خواستی باوکی و نەبوونی قوتابخانەش لەو ناوچەیە، خوداداد ناچار دەبێت بچێتە حوجرە بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز.
پاش تەواوکردنی حوجرە و بەهۆی زیرەکی و لێهاتووی، بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک مامۆستا لە مزگەوت و حوجرەکاندا وانەی ئاینی بە منداڵان دەڵێتەوە.
خوداداد هەر لەتەمەنی منداڵیدا تووشی نەخۆشی چاوئێشەدەبێت، لەبەر نەبوونی دەرمان و پزیشک لە شارۆچکەکەیان، ئەم نەخۆشیە لەگەڵی دەمێنێتەوە، تا چاوێکی بە تەواوی لەدەست دەدات. بۆیە بەناچاری واز لە پیشەی مامۆستایی دەهێنێت. ئەمجارەیان ڕوو ئەکاتە گەڕان بەهەموو گوند و شارۆچکەکاندا، بۆ کاری قوڕەکاری و خشت بڕینەوە، وەرزێری و جوتیاری و چەندین کار و پیشەی تر لەپێناو دابینکردنی ژیانی خۆی و خێزانەکەی.
خوداداد هەر لە منداڵیەوە بەهرەی دەنگ خۆشی پێوە دیار بووە، ناوچەی گەرمیان و خانەقینیش لە کۆنەوە لانەی زۆر جۆر مەقامی ڕەسەن بووە، ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر خدوداداد دروست کردووە. لەهەرەتی گەنجیدا توانای ووتنی مەقامی هەبووە، لە دەنگخۆشان و شارەزایانی مەقام نزیک بۆتەوە و بەووردی گوێی بۆ شلکردوون تا زیاتر فێری مەقامەکانی قەتار و ئەلڵاوەیسی و خورشیدی، ئای ئای، خاوکەر ببێت. کاتێکیش بە مەبەستی کارکردن و هۆرەچڕین سەردانی دێهاتەکانی دەوروپشتی خانەقین و ئێرانی کردووە، دەنگخۆشانی تری ئەو ناوچانەی ناسیووە.
لە جەژنەکانی خانەقینیش کە شەش ڕۆژ بووە، بەتایبەت ڕۆژی شەشەم کاتێک خەڵکی شار لەنزیک "عەلەمداری کەناری ئەڵوەن" کۆبوونەتەوە، لەگەڵ دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا خوداداد گۆرانی و مەقامی وتووە و لەگەڵ مەقامبێژانی وەکو سەفەر عەبدول باجەلان، جەمیل بەگ سورەمەیری، مەحمود وەندی، مالا خەلیل خدر، عیسا فەرەجی خەیات پێشبڕکێی گۆرانی و هۆڕە چڕینیان کردووە. خەڵکەکەش تا ئێوارە بە شادیەوە گوێیان بۆ شلکردوون و هەڵپەڕیوون.
ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی بەئێزگەی کوردی بەغداوە دەکات و هاوڕێیەتی لەگەڵ گۆرانیبێژانی ئێزگە، عەلی مەردان، تایەر تۆفیق و ڕەسول گەردی دروست دەکات و چەند مەقام و گۆرانی لە ئێزگەی کوردی بەغدا تۆمار دەکات. بەگوێرەی بۆچوونی خۆی، هەروەها بە ووتەی مناڵەکانیشی زیاد لە ١٠٠ مەقام و گۆرانی لە ئێزگەی کوردی بەغدا تۆمارکردووە. خوداداد تایبەتمەندییەکی خودی خۆی هەبووە لە وتنی مقامەکاندا، واتە شێوە و ستایلی دەڤەری خانەقینی داوە بە گۆرانیەکانی، لەو گۆرانی و مەقامانەی کە بوونەهۆی ناساندنی خوداداد عەلی لای بیسەرانی ڕادیۆ، مەقامی "ئەڵوەن ئای" و گۆرانی "ئەی هاوار ئەی" بوو.
خوداداد وێڕای توانای وتنی مەقام و گۆرانی بەهرەیەکی باشی مەنەلۆج و خۆشنووسی و شیعر نووسینیشی هەبووە، هەروەها کوردێکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەریش بوو، لە ساڵەکانی ١٩٦٢-١٩٦٣-١٩٦٥، ١٩٧٠، ١٩٧٣-١٩٧٥ لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی لەلایەن ڕژێمەوە زیندانی کراوە و ئەشکەنجەدراوە و چەندجارێکیش حوکمی ئیعدام دراوە، بەڵام لەدواییدا بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە.
خوداداد کەسێکی هەست ناسک و دڵتەڕ و لاناو خەڵکدا خۆشەویست بووە. ساڵی ١٩٨٧ لەماڵەکەی خۆی، لە گەڕەکی ئاغا و خەلیفە کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی عەلەمداری، لە نزیک (ئەلوەند)ی خۆشەویستی بەخاک دەسپێردرێت.









