

کورتە فیلمی هەڵبژێردراو
فیلمی پێکەوەژیان
کوردستان سەرزەمینی ئاشتی و پێکەوەژیانە، لەسەر ڕێگای مێژوویی ئاوریشمە کە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر وڵاتی چینی بە جیهان دەبەستەوە. گوندی شانەدەر گوندێکی مێژووییە دەکەوێتە پاریزگای دهۆکەوە لە باشوری کوردستان، دانیشتوانەکەی پەیڕەوکاری ئاینی مەسیحین و بە ئاشتی و پێکەوەژیان دەژین لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و دەوروبەر. لالش پەرستگای ئێزدیەکانە لە کوردستان، ئێزدی یەکێکە لە ئاینە دێرینەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە کە دەسەلاتدارانی ناوچەکە قبوڵیان نەکردوون و گەلێک جار ڕووبەڕووی توندوتیژی و سەرکوت و لەناوبردن بوونەتەوە کە دواین جاریان ساڵی ٢٠١٤ بوو. کورد بەگشتی مسوڵمانن، لە چەند سەدەی ڕابردوو هەردوو ڕەوتی بیری سۆفیگەری و دەروێشی سەریانهەڵداوە تا زیاتر خۆیان لە خواوەند نزیکبکەنەوە، وەک لە پیرشالیار دەبینرێت. لە کەرکوک جگە لە هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی و کاکەییەکان، پەیڕەوانی ئاینی صائبە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئارامیەکان و چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لەلێواری فوڕاتدا ژیاون، کۆچیان کردووە بۆ ئەم ناوچەیە و لەگەڵ گەلانی تری ئەم ناوچەیەدا بەخۆشی و ئاشتی پێکەوە دەژین. ئاینی یارسان (کاکەیی) لە ئاینە دێرینەکانی کوردستانە، لایەنگرانی ئەم ئاینە بە شێوەزاری کەلهوڕی دەدوێن و ئامێری تەموورە (دووتار) لە بۆنەو مەراسیمە ئاینیەکانیاندا بە تاک یان بەکۆمەڵ دەژەنن.


