
مزگەوتی گەورەی سلێمانی مزگەوتێکی دێرینی شارەکەیە لە گەڵ بنیادنانی شارەکەدا لەلایەن برایم پاشای بابانەوە مزگەوتەکەش دروستکراوە. یەکەمین مزگەوتی شاری سلێمانییە کە نوێژی هەینی تێداکراوە و تائێستاش بەردەوامە. شێخ مارفی نۆدێ پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە بووە. دواتریش کاک ئەحمەدی شێخی کوڕی سەرپەرشتی مزگەوتەکەی کردووە و تێیدا وێڕای وانە وتنەوە و بەجێهێنانی ئەرک و سروتە ئاینیەکان خواردنیشی تێدا دروست کردووە و بەسەر هەژاران و ڕێبواراندا دابەشکراوە و مزگەوتە بووەتە جێگای حەوانەوە و حەسانەوەی لانەوازان و بێکەسان. لە مزگەوتەکەدا هەردوو بەشی ژنان و پیاوان هەیە.


